سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی کارنامە و لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە سەقامگیریی هەرێمی، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەخاتە ڕوو

سەرۆکی وەزیران مەسرور بارزانی لە بەردەم ڕۆژنامەنووساندا تیشکی خستە سەر چەندین پرسی سەرەکی و گرنگ کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، و جەختی لەسەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی، سەقامگیری، خۆشگوزەرانیی گشتی و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا کردەوە.

دۆخی ناوچەکە و هەڵوێستی حکومەتی هەرێم

سەرۆکی وەزیران ڕایگەیاند کە ناوچەکە لە دۆخێکی بەردەوامی گرژی، جەنگ و ناسەقامگریدایە، کە کارگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و دۆخی ئابووری لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوانیش هەرێمی کوردستان داناوە. جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە هیچ ململانێیەک و پشتگیری لە چارەسەری ئاشتییانە بۆ سەرجەم کێشە هەرێمییەکان دەکات.

سوپاسی گەلی کوردستانی کرد بۆ ئارامگری، خۆڕاگری و پشتگیرییان لە کاتە سەختەکاندا، و درکی بەوە کرد کە بەرزبوونەوەی نرخەکان و قەیرانەکانی ناوچەکە ژیانی هاووڵاتییانی سەختتر کردووە. بەڵام دڵنیایی دەربڕی کە هەرێمی کوردستان، وەک چۆن قەیرانەکانی پێشووی تێپەڕاندووە، بەسەر ئاستەنگەکانی ئێستاشدا زاڵ دەبێت.

پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا

بارزانی دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێم پشتگیری لە حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی دەکات، و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە هەماهەنگی لە بوارەکانی چاکسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بوژاندنەوەی ئابووری.

ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی جدی بووەتەوە، کە بەشێکی پەیوەندیدارە بە پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، و ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم ئامادەیە هاوکاری بەغدا بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.

سەرۆکی وەزیران ئاماژەی بەوەش دا کە پێشکەوتن لە چارەسەرکردنی بابەتە بازرگانییەکاندا بەدەستهاتووە، لەوانەش سیستەمی گومرگی (ئاسیكۆدا/ASYCUDA). ڕایگەیاند کە چارەسەرێک نزیک بووەتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی باشتربوونی بازرگانی و زیاتربوونی داهات بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.

پرسی مووچە و داهاتەکان

سەبارەت بە مووچەی کەرتی گشتی، بارزانی ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ بەغدا بۆ دڵنیابوونەوە لە دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا. ئاماژەی بە بڕیارێکی پێشوو کرد کە داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات مانگانە ١٢٠ ملیار دیناری عێراقی بدات، و گوتی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدا داهاتی ناوخۆیی بەس بووە، پابەندبوونی خۆی بەجێهێناوە.

بەڵام ڕوونی کردەوە کە کەمبوونەوەی بازرگانی و دابەزینی داهاتەکان کاریگەرییان لەسەر توانای هەرێم هەبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە. داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکات و ڕایگەیاند باشترین چارەسەر زیاتربوونی داهاتەکانە لە ڕێگەی فراوانکردنی دەروازە بازرگانییەکان و بەهێزکردنی داهاتی ناوخۆیی.

پێکبهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆیی، سەرۆکی وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی ٢٠ مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە، بەڵام کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم هێشتا پێک نەهێنراوە. داوای کرد پەرلەمان چالاک بکرێتەوە و حکومەتێک پێکبهێنرێت کە ڕەنگدانەوەی ئیرادە و خواستەکانی خەڵک بێت.

داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەن، و گوتی هاووڵاتییان چاوەڕوانی حکومەتێکن کە بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاری پێشکەشی تەواوی ناوچەکانی کوردستان بکات.

کەرتی کارەبا و دابینکردنی گاز

بارزانی ئاماژەی بە پرسی کارەبا کرد و دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێم پابەندە بە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان. ڕایگەیاند کە پرۆژەکە خۆی لە پێشچووندایە، بەڵام بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی کەمبوونەوەی گازی سروشتییەوە تووشی ئاستەنگ بووەتەوە.

ڕوونی کردەوە کە زۆربەی گازی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمپانیای "دانا گاز" لە کێڵگەی "کۆرمۆر" دابین دەکرێت، بەڵام کۆمپانیاکە لەم دواییانەدا بەهۆی نیگەرانیی ئاسایشییەوە بەرهەمهێنانی کەمی کردووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی گاز و کارگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا داناوە.

سەرۆکی وەزیران ڕایگەیاند حکومەتی هەرێم لە گفتوگۆدایە لەگەڵ دانا گاز و دابینکەرانی دیکە و چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکە بەم زووانە ڕوو لە چارەسەر بكات. ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتربوونی بەرهەمهێنانی گاز، بەرهەمهێنانی کۆندەنسەیتیش زیاد دەکات، کە ئەمەش هاوکار دەبێت لە باشترکردنی بەرهەمهێنانی بنزین و سووتەمەنی.

نرخی سووتەمەنی و بەشە نەوت

بارزانی ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەی دوایینی نرخەکانی بنزین و سووتەمەنی بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئاستی جیهانیدا. جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ دیاریکردنی نرخێکی دادپەروەرانە و واقیعییانە بۆ سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان.

ڕوونی کردەوە کە بە پێچەوانەی حکومەتی فیدراڵییەوە، حکومەتی هەرێم هیچ بودجەیەکی سیادی لە بەغداوە پێنەگەیشتووە بۆ داپۆشینی تێچووی دەرهێنانی نەوت. لە ئەنجامدا، ئەم تێچووانە کەوتوونەتە سەر شانی هەرێمی کوردستان بەپێی گردبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا.

سەرۆکی وەزیران ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بەشێکی دادپەروەرانەی لە نەوت بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی پێبدرێت. بەپێی ڕێژەی ١٢.٦٪ کە بەغدا لە مامەڵەکانیدا لەگەڵ هەرێمدا پشتی پێ دەبەستێت، دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەوروبەری ١٢٦,٧٠٠ بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی ناوخۆ وەربگرێت. بەڵام بڕیارێکی پێشووی حکومەتی فیدراڵی ئەم بڕەی تەنها بۆ ٥٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا سنووردار کردووە، کە ئەمەشی بە نادادپەروەرانە وەسف کرد.

ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم داوا لە بەغدا دەکات یان ڕێگە بدات بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بۆ مەبەستی ناوخۆ زیاتر بکرێت، یان ئەوەتا بڕی مابووەوە دابین بکات کە نزیکەی ٧٠,٠٠٠ بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان.

سەرۆکی وەزیران ئاماژەی بەوەش دا کە حکومەت پێداچوونەوەی بە نرخی بنزیندا کردووە، بە شێوەیەک کە بنزینی ئاسایی (نۆرمال) بە ٧٥٠ دینار دیاری کراوە و بنزینی بازرگانی لە ٨٥٠ دینار تێپەڕ ناکات. ڕایگەیاند کە پێداچوونەوەی زیاتر لە جریاندا بۆ بنزینی موحەسەن و سوپەر کە لە بازاڕدا کەمن، بەردەوامە.

پەیامی کۆتایی

بارزانی لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا دەوەستێتەوە و بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە مافەکانیان. داوای یەکێتی، هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی ئێستا و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە جەماوەر دراون.

ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە کاری بەکۆمەڵ هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی.