سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر دەکات

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا، بەڕێز کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و بۆ ماڵئاواییکردن سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، پێزانین و سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی دەربڕی. هەروەها سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانیان لە پێناو برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەوەش، تیشکی خستە سەر ئەو هەوڵانەی لە ماوەی کارکردنیدا لە هەرێمی کوردستان خستبوونیە گەڕ لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ئاراستە لە سەرجەم بوارەکاندا.

لە لایەن خۆیەوە، سەرۆک بارزانی ستایشی ڕۆڵی بەرچاو و هەوڵەکانی کونسوڵی فەڕەنسی کرد لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە هەرێمی کوردستان، و جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا پەیوەندیی مێژوویی و دێرینن. هەروەها سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێزیان خواست لە ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێیەکانیدا.

سەرڕای ئەمانەش، تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکە و دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.